بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، چیرۆکی ڕووداوی هاتووچۆ و کوژرانی کەسەکان لەو ڕووداوانە لە پارێزگای کوردستان ئەمڕۆکە بووەتە بابەتێکی چەندپاتەکراو و گەلێجار بە شێوەیەکی بەردەوام و بەدوای یەکدا هەر حەوتە و یان ڕەنگە هەرچی رۆژە هەواڵێکی پێکدادانی ئۆتۆمبیل و کوژرانی کەس یان کەسانێکمان بە گوێ بگات.
ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتی و ئینتزامی لە پارێزگای کوردستان نیشان دەدا کە لە یەک دەیەی ڕابردوو و هەر سالێک لە ژمارەی کوژراوانی ئەو ڕووداوانە کەم بووەتەوە، بەڵام وێدەچێت کە ئەمساڵ ئەو دۆخە ئاوەژوو بووەتەوە و لە ماوەی ئەمساڵدا نە تەنیا ڕەوتی کەمبوونەوەکان بەردەوام نەبووە، بەڵکوو ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەرزتر بووەتەوە.
گەرچی کارناسان هۆکارگەلێکی جۆرواجۆر بۆ ئەو پرسە ئاراستە دەکەن و زۆرتر جەخت لە هەڵەی مرۆیی وەک هۆکاری سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی ئەو ڕووداوانە دەکەنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هۆکارە گرینگە، دوو هۆکاری دیکەی وەک خود ئۆتۆمبیلەکان و جادەکانیش لەو پرسەدا داشدارن.
کوردستان لە بواری ژێرخانە پەیوەندییەکانی جادەیی، هێڵی ئاسن و ئاسمانی یەکێکە لە بێبەشترین پارێزگاکانی وڵات و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پارێزگاکانی دیکە ژێرخانی زۆرباش لەو بەشەدا چێکراوە. بەڵام لەم پارێزگایە هێشتاش یەک سانتیمەتر شاڕێیانی ستاندارد بوونی نییە.
ژێرخانی جادەکانی کوردستان دۆخێکی گونجاویان نییە
لە پەنای لاوازی لە بواری جادەیی، کوردستان هێشتا یەکێکە لەو تاقمە پارێزگایانەی وڵات کە لە هێڵی ئاسن بێبەشە و نزیک بە ١٥ ساڵە دوای بەڵێنی بیستنی دەنگی شەمەندەفەڕ لە کوردستان، هێشتاش کوردستانییەکان هیچ دەنگی شەمەندەفەرێکیان لە ناو پارێزگای خۆیان گوێ لێنەبووە.
لە بەستێنی گەشتی ئاسمانیشدا لە پارێزگای کوردستان، دۆخەکە بە هەمان شێوەیە و تەنیا فرۆکەخانەی چالاکی پارێزگا، رۆژانە تاقە یەک گەشتی ئاسمانی هەیە و ئەو گەشتەش هەرچی رۆژە و بە هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر هەڵدەوەشێتەوە و چیرۆکی فرۆکەخانەی دیکەی پارێزگای کوردستانیش تەنیا لە ئاستی قسەیەکدا ماوەتەوە و هیچ هەوڵێک بۆ چێ کردنی فرۆکەخانەی سەقز نەخراوەتە گەڕ.
بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستاکەی جادەکانی پارێزگای کوردستان، پرسی هەلومەرجی نەگونجاوی جادەکان لە لایەکەوە و هەروەها ناستانداردبوونی ئۆتۆمبیل و ماشینەکان بووەتە هۆی پێکدادانی ئۆتۆمبیلەکان لە درێژایی جادەکانی ئەم پارێزگایە و نە تەنیا تاقمێک ڕووبەڕووی مەرگ دەکاتەوە، بەڵکوو زیانی ماڵی و فیزیکییەکی زۆریشی بە پارێزگا گەیاندووە.
مەرگی ۳۵۴ کوردستانی بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ۹ مانگی ئەمساڵدا
بە پێی ڕاگەیێندراوی بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی کوردستان لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتایی ئەمساڵ ۳۵۴ کەس لە جادەکانی ئەم پارێزگایە بە هۆی ئەو ڕووداوانە گیانی خۆیان لە دەستداوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ئامارە زیاتر لە تەواو کوژراوانی ساڵی ۹۳ یە کە نزیک بە ۳۱۶ کەس بووە.
غوڵامڕەزا هۆمایوونپوور سەبارەت بە دۆخی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆو، وتی: نرخی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەمساڵدا بە نیسبەتی هەمان ڕێژە لە ساڵی پار کە ۲۹۳ کەس بوونە، لە سەدا ۲۰.۸ بەرزبووەتەوە.
وتیشی: کۆی کۆچکردووانی ڕووداوەکانی هاتووچۆی ئەمساڵ ۴۴ کەس لە ناوخۆی شاری، ۲۸۳ کەس لە دەرەوەی شاری و ۲۷ کەسیش لە جادەگەلی گوندی بووە.
ئەو ڕوونیشی کردەوە: لە کۆی کۆچکردووانی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو ۳۸ کەس لە ناوخۆی شاری، ۲۳۳ کەس لە دەرەوەی شاری و ٢٢ کەس لە جادەگەلی گوندی بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کوردستان وێرای ئاماژە بەوەی کە ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ۹ مانگی ئەمساڵدا بەرزبوونەوەی ۴ لە سەدی بووە، ڕایگەیاند: لەم ماوەیەدا ۴ هەزار و ۱۵۴ کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە جادەکاندا بریندار بوون کە ئەم نرخە لە مانگی سەرەتایی ساڵی ڕابردوو ۳ هەزار و ۹۹۲ کەس بووە.
بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەمساڵدا
ئەم ئامارە لە کاتێکدا لەمساڵدا تۆمارکراوە کە ئەم نرخە لە ساڵی ڕابردوو ۳۱۶ کەسی بەرکەوتووە و هەڵبەت لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ۹۳ ی هەتاوی ۲۹۳ کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانی خۆیان لە دەستدابوو.
بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئیدارەی گشتیی رێگاو و شارسازیی پارێزگای کوردستان لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، بە ئاماژە بە بارودۆخی ئەم پارێزگایە لە ساڵانی ڕابردوو لە بواری ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، ڕایگەیاند: لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە پارێزگای کوردستان ٣٣٦ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی خۆیان لە دەستداوە کە ئەم نرخە لە ساڵی ۹۳ تا ٣١٦ کەس دابەزییە خوارێ.
محەمەد ڕاشد مودەڕێس گورجی دوای ئاماژە بە لێکدانەوەی ژمارەی کوژراوانی ئەو ڕووداوانە لە پارێزگای کوردستان بیری خستەوە: بەشی رێگاوبانی ئیدارەی گشتیی رێگا و شارسازی پارێزگای کوردستان کاری ئەو لێکدانەوەیانەیان لە ئەستۆیە و چاوەروان دەکرێت کە بە هاوکاریی ئیدارەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی بەرپرس لەو شرۆڤانە بۆ بەڕێوەبەرێتی و هەروەها ڕێکخستنی بارودۆخەکە بەهرە وەرگیردرێت.
کۆمپانیای ژێرخانەکان لە سەرهەڵدانی زۆربەی ڕووداوەکانی هاتووچۆی کوردستان خەتابارە
هەر لەم پەیوەندییەدا جێگری هاوئاهەنگیی کاروباری ئاوەدانکاریی پارێزگاری کوردستانیش لە دوا لێدوانی خۆی لە کاردانەوە بە بارودۆخی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە جادەکانی ئەم پارێزگایە وتی: کۆمپانیای چێکردن و گەشەی رێگاکانی وەزارەتی رێگا و شارسازی لە سەرهەڵدانی بەشێک لەو ڕووداوانەدا لە میحوەری باکوور – باشووری پارێزگای کوردستان خەتابارن.
ئەو بارودۆخی ڕووداوەکانی هاتووچۆی پارێزگای کوردستان لە ساڵی ۹۴ ی هەتاویی نەگونجاو و نەشیاو وەسف کرد و وتیشی: ئەمساڵ شاهیدی ڕووداوەگەلی جۆراوجۆر و بە داخەوە کۆچی دوایی هاووڵاتیانێکی زۆر بووین کە بەشێک لەو ڕووداوانە بە هۆی بەستێنی نەگونجاو و نەشیاوی رێگاکان بووە.
جێگری هاوئاهەنگیی کاروباری ئاوەدانکاریی پارێزگاری کوردستان، بە ئاماژە بە پەیجۆرییەکانی چەند کەڕەتەی بۆ ئەو بابەتە، زیادیشی کرد: ئەو گفتوگۆیانە تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە و هەروەها ئەو پاژانە نەچوونەتە ژێر زەختی تەرافیک.
ئەو لە کۆتاییدا داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی رێگاوشارسازی کرد کە بەو بابەتەدا بچنەوە و لە گەڵ ئیدارەی ناوەندی لەوبارەدا گفتوگۆ بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە لەم بابەتەدا واباشە کەمتر بوودجەی بەرتەسکی پارێزگا بکرێتە بیانوو.
لە کاتێکدا کە ئامارەکان نیشاندەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە جادەکانی پارێزگای کوردستانە، کە بە داخەوە هەوڵی بە کۆمەڵ بۆ وەبەرهێنانی پڕۆژەکانی بەردەست لەم پارێزگایەدا بوونی نییە، بەڵکوو لەو رێگاوە بە گەشەدان بە ژێرخانەکان، بەستێن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ڕووداوەکان بڕەخسێت و جەماوەرێکی کەمتر لە پارێزگای کوردستان تووشیان بە تووشی ئەوە کێشەیەوە بێت.
Your Comment